هه‌ڵبژاردن له حکوومه‌تی ئیسلامیی ئێران‌دا و هه‌ڵوێستی کوردان
هه‌رچی له رۆژی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆککۆماریی له ئێران‌دا نزیک ده‌بینه‌وه، جموجۆڵ و چالاکی بۆ خۆ ئاماده‌کردن و چۆنییه‌تی به‌ره‌ورووبوون له‌گه‌ل ئه‌م هه‌ڵبژاردنه روونتر و شه‌فافتر خۆی دهنۆێنی. ئیستا ئیدی له کوردستان ریزه‌کان به‌ته‌واوی ده‌رکه‌وتون و هه‌ڵوێسته‌کان دیارن. وه‌ک که‌ش و هه‌وای کوردستان ( مه‌به‌ست هه‌موو ناوچه‌کوردنشینه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانه)ده‌ری ده‌خات ، بێجگه له به‌شێک له ئیسڵاحتهڵهبانی لایه‌نگری حاکمییه‌ت و که‌سانی هاورده‌ی نانخۆری ده‌وڵه‌ت نه‌بێ، رای گه‌لی کورد به‌گشتی تحریم کردنی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌یه . بۆیه له سه‌ر ته‌حریم کردنی هه‌ڵبژاردن له کوردستان یه‌کده‌نگییه‌کی که‌م وێنه هه‌یه و جیا له هێزه سیاسییه‌کان( مه‌به‌ست حیزبی دیموکرات ، کۆمه‌ڵه‌کان و یه‌کێتی شۆڕشگێڕانه) که تێکرا بانگه‌وازی ته‌حریمی هه‌ڵبژاردنیان ده‌رکردووه ، زۆربه‌ی ناوه‌نده مه‌ده‌نی و که‌سایه‌تییه چالاکه‌کانی ناوخۆ وبه‌تایبه‌ت ده‌ره‌وه، به‌ده‌ر کردنی ڕاگه‌یه‌ندراو و به‌یان هه‌ڵوێستی خۆیان له‌سه‌ر ته‌حریم کردنی هه‌ڵبژاردن به ئاگاداریی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک گه‌یاندووه . که ئاخرین نموونه‌ی ڕاگه‌یه‌ندراوی رێکخراوه‌ی ژنانی کوردی پارێزه‌ری مافی مرۆڤ و ئاشتی بوو . ڕاگه‌یه‌ندراوێکی پوخت و پر مانا که نیشانه‌ی بوێری و تێگه‌یشتنی ئه‌و رێکخراوه‌یه له کیشه‌کانی نێوکۆمهڵی کورده‌واری و هه‌ڵوێستی ڕاشکاوانه له ئاستیاندا.
به دڵنییاییه‌وه ده‌کرێ ئیدیعا بکه‌ین که ئه‌مه یه‌که‌مجاره که له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان ،جیا له حیزبه‌سیاسیه‌کان ، که‌سانی تاک و ناوه‌نده مه‌ده‌نییه‌کان هه‌ڵسووراوانه و رێکخراو و ئامانجدار دێنه پێشه‌وه. دیاره ئه‌مه‌ش ده‌سکه‌وتی پێشکه‌وتنی تێکنولوژی و گۆرانکاریه‌کانی جیهانی و ناوچه‌ییه ، که به‌دروستی ناسراوه‌و و له‌بورای گه‌شه و پێشخستنی بزووتنه‌وه‌ی رزگاری نیشتمانیی کوردستاندا که‌ڵکی لێ وه‌رگیراوه .
له نێو ئه‌م چالاکیانه‌دا ، دوو په‌یام گرینگیی تایبه‌تیان هه‌یه، بۆیه وه‌ک نموونه چاوێکی خێرایان پێدا ده‌خشێنین. یه‌که‌م به‌یاننامه‌ی ژماره‌یه‌ک له نووسه‌ران ،هــونهرمـــهندان و ڕۆشنـــبیرانی كــــورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستانه که له ناوخۆی وڵات وبه ئیعتراز به "ته‌پ و تۆزی" ئیسڵاحتهڵهبهکانی لایه‌نگری حکوومه‌ت ده‌ریان کرد. دوه‌میان په‌یامی ژماره‌یه‌ک ناوه‌ند و چالاکی سیاسی- فه‌رهه‌نگیی کورده به بۆنه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆککۆمار له حکوومه‌تی ئیسلامی ئێران‌دا. دیاره ههکامهیان تایبه‌تمه‌ندیی خۆیان و گرینگیی تایبه‌ت به خۆیان هه‌یه.
په‌یامی نووسه‌ران و رۆشنبیران و هونه‌رمه‌ندانی ناوخۆ ،بایه‌خی له‌وه‌دایه که به‌شێکی به‌رچاو له پێشره‌وانی کۆمه‌ڵگه ، سهرهوای که‌ش وهه‌وای خه‌فه‌قان و سه‌رکوت و ته‌نانه‌ت هه‌ڕه‌شه‌و گوره‌شه‌ی ئیتڵاعات و باقی ناوه‌نده ئه‌منییه‌تی و "ئینتزامییه‌کان" ، دێنه مه‌یدان و به‌ده‌رکردنی به‌یانێك پێش به "مه‌یدانداری"ی ئیسڵاحتهڵهبهکان ده‌گرن که فرسه‌ت ته‌ڵه‌بانه ، به‌که‌ڵک وه‌رگرتن له که‌ش و هه‌وای باس‌کراو ،ده‌یانه‌ویست خۆیان بکه‌نه نۆێنه‌ری گشت نووسه‌ران و رۆشنبیران و له‌وه‌ش قهباحهتتر ،ویست و داخوازی گه‌لی کورد . دیاره ئه‌و ویست وداخوازهشیان تا راده‌ی "سوخره‌کێشی" بۆ ئیسلامی سیاسی و ده‌سه‌ڵاتی ئاخونده‌کان وحاشا کردنی نه‌ته‌وه‌بوونی کورد دابهزابدبوو. بۆیه بێجێگه نییه بڵێێن که ئه‌و په‌یامه، کوڵی ده‌روونی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک بوو که له نووکی خامه‌ی ئه‌م خۆشه‌ویستانه‌وه هاوار و بانگه‌شه‌کرا . گه‌رچی له‌و په‌یامه‌دا له مه‌ڕ هه‌ڵبژاردن و ته‌حریم کردنی هه‌ڵوێست نه‌گیرا، به‌ڵام هۆکاره‌که‌ی به‌تایبه‌ت پاش قسه‌کانی وه‌زیری ئیتڵاعاتی ده‌وڵه‌تی "ئیسڵاحات"ی خاته‌می که حوکمی "به‌ره‌ندازی"ی بۆ ته‌حریمی هه‌ڵبژاردن دیاریکرد، دیاره و ده‌رک ده‌کرێت.
به‌لام په‌یامی دووه‌م که له لایه‌ن ژماره‌یه‌ک ناوه‌ندی ناحوکمی و مه‌ده‌نی و که‌سانی سیاسی-فه‌رهه‌نگی له ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌رچو ، ده‌کرێ به درێژه‌ی ئامانجی نووسه‌ران و رۆشنبیران و هونه‌رمه‌ندانی ناوخۆ بزانرێ . که به‌شێوه‌یه‌کی رێکوپێک ویست و داخوازی ئیمرۆی گه‌له‌که‌مانی داڕشتوه. واتا وێڕای له‌قاو دانی ئیسڵاح‌ته‌ڵه‌به کورده‌کان و نیشاندانی هه‌لپه‌رستی و کاسبکارانه هه‌ڵسوکه‌وتیان له مهر کیشه‌ی کورد،ره‌خنه‌یان له بێده‌نگیی هێزهسیاسییهکانیش له‌م باره‌وه گرتبوه . که به بێده‌نگیی خۆیان ،مه‌یدانیان بۆ "رمبارێن"ی ئیسڵاحتهڵهبهکان چول کردبوو. شان به شانی ئه‌م هه‌ڵوێسته به‌جێ و گونجاوه ، هه‌ڵه و چه‌واشه‌کاریه‌کانی ئیسڵاحتهڵهبهکانی لایه‌نگری حکوومه‌تیان له‌مه‌ڕ گه‌لی کورد و بزووتنه‌وه‌ی رزگاری نیشتمانیی کوردستان له چهندخاڵدا ده‌سنیشان کردووه . خاڵگه‌لێک که خواست و مافی ڕاسته‌قینه‌ی گه‌له‌که‌مانی له‌خۆگرتووه. که له سه‌روویانه‌وه ئاماژه به"مافی دیاریکردنی چاره‌نووس تا پێکهێنانی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ" ده‌که‌ن و ڕادوهگهیهنن که له هیچکاتێک و له هیچ هه‌لومه‌رجێکدا ده‌سبه‌رداریان نابین . خالێکی دیکه‌ی گرینگ له‌م په‌یامه‌دا ئه‌وه‌یه که به‌شێوه‌یه‌کی دیموکراتیک هه‌لوێستیان گرتووه و به پێچه‌وانه‌ی دابی باوی کۆن ،خۆیان نه‌کردووه‌ته نوێنه‌ری خه‌ڵک و هه‌ر له زبانی خۆیانه‌وه قسه‌یان کردووه و له‌وه‌ش گرینگ تر هه‌ڵوێستی براگهورهییان نه‌گرتووه و که‌سیان نهسحهت و ئامۆژگاری نه‌کردووه.
ئه‌و داخوازانه‌ی که له په‌یامی ناوه‌ند و چالاکانی سیاسی-فه‌رهه‌نگیدا هاتووه و پێیان له‌سه‌ر داگرتووه ، له راستیدا سه‌ره‌تاییترین خواستی ئینسانیی مرۆڤی سه‌رده‌مه . بۆیه ئیمرۆ که وشیاریی و بێداری تا راده‌یه‌ک به‌سه‌ر دواکه‌وتوویی و خۆنهناسیندا زاڵ ده‌بن ،داواکاریه‌کانمان ده‌بێ به مه‌رجی هه‌ر چه‌شنه هاوپه‌یمانه‌تی ، شه‌ریکی و هاوکاریه‌ک دابنرێن. بۆیه بۆ به‌شداری له‌هه‌ر هه‌نگاو و ڕاپرس و ئیمکانی ڕا ده‌ربڕینێکدا، کورد ده‌بێ به مه‌رجی خۆیه‌وه به‌شدار بێت . مه‌رجه‌که‌ش سه‌لماندنی بێ ئه‌ملا و ئه‌ولای "مافی دیاریکردنی چاره‌نووس"ه . جا ئه‌وسا زۆربه‌ی ده‌نگی خه‌ڵکه که ده‌سنیشانی ده‌کات گه‌لی کورد له‌و مافه چؤن و له چ شکڵێکدا که‌ڵکی لێ وه‌رده‌گرێت.

